حزبی یەکێتی شۆڕشگێڕانی کوردستان و ڕێکخراوی یاری کورد، لهگهڵ کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان بوونه یهک!
کۆمەڵانی تێکۆشەری نەتەوەی کورد! تێکۆشەرانی ڕێگای ئازادی و یەکسانی!
ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە ئێستادا لە مێژووییترین و هەستیارترین قۆناغی خەباتی خۆیدایە. لە کاتێکدا کە ناوچەکە بە گشتی لەبەردەم گۆڕانکاریی چاوەڕوان نەکراودایە و ڕژێمی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە لوتکەی داڕمان و لاوازیی سیاسی، سەربازی و ئابووریدایە، بەڵام هێشتا وەک هەمیشە ئامادەی سەرکوت، داگیرکاری و هێرش بۆ سەر کوردستانە. ئەم دۆخە تایبەتە ئەرکێکی مێژوویی دەخاتە سەر شانی هەموو لایەنە سیاسییەکان بۆ ئەوەی پەرشوبڵاوی وەلا بنێن و بەرەو یەکگرتووییەکی درێژخایەن هەنگاو بنێن. لەم سۆنگەیەوە، ئێمە وەک حزبی یەکێتی شۆڕشگێڕانی کوردستان و ڕێکخراوی یاری کورد، دوای هەڵسەنگاندنێکی وردی بارودۆخی سیاسی و بە مەبەستی بەهێزکردنی سەنگەری خەبات، بڕیارمان داوە بە شێوەیەکی فەرمی پەیوەست بوونی خۆمان بە ڕیزەکانی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان ڕابگەیەنین.
ئێمە پێمان وایە کۆمەڵەی زەحمەتکێشان بە پەیڕەوکردنی سیاسەتێکی بەرپرسانە لە حاست پرسی ستەمی نەتەوەیی و پرسەکانی دیکەی پەیوەندیدار بە مافی هەموو پێکهاتە و رەگەز و مەیلەکانی کۆمەڵگای کوردستان، مێژوویەکی پڕ لە شانازی، پشت بەستن بە هێزی جەماوەر و پێکهاتەیەکی حیزبیی کارامە، شیاوترین و گونجاوترین زەرفی سیاسییە بۆ ئەوەی هێز و تواناکانمان لە پێناو بەرژەوەندیی باڵای نەتەوە و نیشتمان تێدا یەکبخەین. ئەم بڕیارەمان وەڵامێکی کردەییە بۆ ویستی نەتەوەی کورد کە تینووی یەکڕیزی و یەکگرتنی ناوماڵی کوردە. لێرەوە داوا لە سەرجەم تێکۆشەرانی دێرینی کۆمەڵە، چالاکانی سیاسی و مەدەنی و هەموو ئەو کەسایەتییە سەربەخۆیانەی دڵیان بۆ ئازادیی کوردستان لێدەدات دەکەین، کە بە هاتنە ناو ڕیزەکانی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان، ئەم ڕەوتە مێژووییە بەهێزتر بکەن. با پێکەوە و هاوپشت، بە ڕێکخستنێکی تۆکمەترەوە بە پیری پێشهاتەکانی داهاتووی کوردستانەوە بچین. ئامانجی ئێمە لەم یەکگرتنە بەشدارییە لە بوون بە ڕێخۆشکەر و پێشڕەوی خەباتی ڕزگاریخواز و پێشکەوتووی ڕۆژهەڵاتی کوردستانە بۆ گەیشتن بە مافە ڕەواکانمان و کۆتاییهێنان بە ستەم و داگیرکاری.
سەرکەوێت خەباتی ڕەوای نەتەوەی کورد
بژی یەکگرتوویی و هاوپشتیی نەتەوەیی
یەکێتی شۆڕشگێڕانی کوردستان و سازمانی یاری کورد
٢٦/خاکەلێوە/١٤٠٥
١٥/ئاوریل/٢٠٢٦
789 جار خوێندراوهتهوه