كۆیله‌داریی‌ نوێ‌ له‌ رۆژهه‌ڵاتی‌ ناوه‌ڕاستدا

كۆیله‌داریی‌ نوێ‌ له‌ رۆژهه‌ڵاتی‌ ناوه‌ڕاستدا


شنؤ ميَهرثةروةر .

چه‌ند وڵاتێكی‌ ئاسیایی‌‌و ئافریقایی‌، ناوچه‌ی‌ رۆژهه‌ڵاتى نیوه‌ڕاستیان پێك هێناوه‌. ئه‌و وڵاتانه‌ رابردووی‌ فه‌رهه‌نگی و مێژوویی‌ زۆر به‌رزیان هه‌یه‌. سه‌ر به‌ شارستانییه‌ته‌ كه‌وناراكانی‌ مرۆڤایه‌تین. به‌ڵام به‌ پێشكه‌وتنی‌ دنیا‌و هه‌نگاونان به‌ره‌و نوێبوونه‌وه‌‌و و بره‌وپه‌یداكردنی ‌فه‌رهه‌نگی‌ خۆرووتكردنه‌وه‌، ئه‌م ناوچه‌یه‌ش سه‌ره‌ڕای‌ رێژه‌ی‌ به‌رزی‌ حه‌شیمه‌تی‌ موسولَمان له‌گه‌ڵ‌ دیارده‌ی‌ فه‌حشا ‌و له‌شفرۆشییه‌كی‌ به‌ربڵاو به‌ره‌وروویه‌. یه‌كێك له‌ گرنگترین قه‌یرانه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانی‌ ئه‌م ناوچه‌یه‌ قاچاخی‌ ژنان ‌و كچانه‌ چ له‌ رۆژهه‌ڵاتی‌ نێوه‌ڕاست بۆ شوێنه‌كانی‌ دیكه‌ی‌ دنیا ‌و چ له‌ وڵاتانی‌ دیكه‌ به‌ مه‌به‌ستی‌ رۆژهه‌ڵاتی‌ نێوه‌ڕاست. رێكخراوی‌ نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان رایگه‌یاند له‌ دنیادا 300 میلیۆن ژن له‌ بازرگانیی‌ سێكسدا كار ده‌كه‌ن‌ و ساڵانه‌ یه‌ك میلیون ژن ‌و كچ ده‌هێندرێنه‌وه‌ نێو ئه‌م بازرگانییه‌وه‌ كه‌ دیاره‌ رۆژهه‌ڵاتی‌ نێوه‌ڕاستیش له‌م دیارده‌یه‌ بێبه‌ش نیه‌. ئاماره‌كان له‌ ساڵی‌ 2005ی‌ زاینيي‌دا وا نیشان ده‌دن كه‌ له‌ نێو 600 هه‌تا 800هه‌زار كه‌س كه‌ له‌ سنووره‌كانه‌وه‌ به‌شێوه‌ی‌ قاچاخ تێپه‌ڕ ده‌بن 80 له‌سه‌دیان ژنان‌و كچانن كه‌ له‌م نێوه‌دا ئاماری‌ ئه‌و ژنانه‌ی‌ كه‌ له‌ وڵاتانی‌ رۆژهه‌ڵاتی‌ ناوه‌ڕاسته‌وه‌ ده‌بردرێن یان بۆی‌ ده‌هێندرێن كه‌م نین. له‌ ناوچه‌ی‌ رۆژهه‌ڵاتی‌ نێوه‌ڕاستدا، وڵاتانی‌ توركیه‌ و ئیماراتی‌ یه‌كگرتووی‌ عه‌ره‌بی‌ به‌ هۆی‌ زۆربوونی‌ تووریست و ئازادی‌ زیاتری‌ بیانییه‌كان سه‌رچاوه‌ی‌ سه‌ره‌كیی‌ راكێشانی‌ ژنانه‌ له‌ وڵاتانی‌ دیكه‌ی‌ ئه‌م ناوچه‌یه ‌و له‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ ئه‌م ناوچه‌یه‌ش. دیاره‌ ده‌بێ‌ ئه‌وه‌ش بگوترێ‌ كه‌ ئه‌م ده‌وڵه‌تانه‌ به‌ره‌نگاری‌ دیارده‌ی‌ قاچاخی‌ ژنان ده‌بنه‌وه‌ به‌ڵام ئه‌و كه‌سانه‌ی‌ داهاتیان له‌م رێگایه‌وه‌ ده‌بێ‌ به‌ شێوه‌یه‌كی‌ زۆر زیره‌كانه‌ مامه‌ڵه‌ی‌ ئه‌م دیارده‌یه‌ ده‌كه‌ن كه‌ ته‌نانه‌ت سه‌ره‌ڕای‌ هه‌موو ئه‌و كۆسپانه‌ی‌ كه‌ له‌ رێگای‌ هه‌وا‌و عه‌رزه‌وه‌ (هوایی‌‌و زمینی‌) له‌ سه‌ر سنووره‌كان له‌سه‌ر رێیان داندراون هه‌موو رۆژێك ئه‌م وڵاتانه‌ له‌گه‌ڵ‌ سیما‌و كه‌سانی‌ نوێ‌ به‌ره‌وروو ده‌بن كه‌ له‌ كۆمه‌ڵگادا خه‌ریكی‌ كاروكاسبی ‌و راكێشانی‌ كڕیارن. له‌ نێو ئه‌و ژنانه‌دا كه‌ به‌ شێوه‌ی‌ نایاسایی‌ ده‌چنه‌ دوبه‌ی‌ یا توركیه‌ ئاماری‌ ژنانی‌ رووسی‌ زیاتر له‌ هه‌موو نه‌ته‌وه‌كانی‌ دیكه‌یه‌. هاتنی‌ ئه‌م ژنانه‌ له‌ ناوچه‌كانی‌ ئه‌رمه‌نستان، قرقیزستان، تاجیكستان، قه‌زاقستان، ئۆزبه‌كستان‌و توركمه‌نستان بۆ ئورووپا، ئامریكا، توركیه‌، ئیمارات، ئێران، پاكستان، سووریه و یه‌مه‌ن زۆر زۆره‌. به‌ پێی‌ ئاماری‌ وه‌ده‌ست هاتوو ساڵانه‌ سێ‌ تا چوار هه‌زار كچی‌ قرقیزستان، هه‌زار تا دوو هه‌زار كچی‌ تاجیكی ‌و پێنج هه‌زار كچی‌ قه‌زاقستانی‌ له‌م وڵاتانه‌وه‌ به‌ره‌وشوێنه‌كانی‌ دیكه‌ به‌ قاچاخ ده‌بردرێن. زۆربه‌ی‌ ئه‌م كچانه‌ له‌ نێو ته‌مه‌نه‌كانی‌ 13 تا 14 ساڵی‌دان‌ و به‌ پاسپۆرتی‌ دروست كراو‌ و جه‌علی‌ وڵات به‌جێ‌ دێڵن. دیاره‌ نموونه‌ش له‌ قاچاخی‌ كچانی‌ 10 ساڵه‌ش تۆمار كراوه‌. هه‌روه‌ها قرقیزستان بۆ خۆشی‌ شوێن‌ و پێگه‌ی‌ قاچاخی‌ كچان له‌ ناوچه‌ی‌ رۆژهه‌ڵاتی‌ ناوه‌ڕاست، باشووری‌ ئاسیا‌و چین بۆ ئورووپا‌و ئه‌مریكا دێته‌ ئه‌ژمار. له‌ ساڵی‌ 2002 ه‌وه‌ به‌ هۆی‌ بارودۆخی‌ ناله‌باری‌ ژنانی‌ ئه‌رمه‌نی‌ له‌ ئیماراتدا، ده‌وڵه‌تی‌ ئه‌رمه‌نستان له‌ گه‌ڵ‌ رێكخراوی‌ نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان خه‌باتێكی‌ چڕ‌وپڕی‌ هاوبه‌شی‌ له‌ پێوه‌ندی‌ له‌گه‌ڵ‌ قاچاخی‌ ژنانی‌ ئه‌رمه‌نی‌ ده‌ست پێكردوه‌‌و تا ئێستاش هه‌ر درێژه‌ی‌ هه‌یه‌. له‌ زۆربه‌ی‌ نموونه‌كاندا لێكۆڵینه‌وه‌كان باس له‌وه ده‌كه‌ن كه‌ ئه‌م ژنه‌ فێڵ‌ لێكراوانه‌، كه‌ڵكی‌ خراپیان لـێ‌وه‌رگیراوه‌. له‌ چاره‌نووسی‌ زۆربه‌ی‌ هه‌ره‌زۆری‌ ئه‌و ژنانه‌دا خاڵێكی‌ هاوبه‌ش هه‌یه‌. ئه‌وان له‌ وڵاتی‌ خۆیاندا له‌گه‌ڵ‌ گیروگرفتی‌ زۆر‌و جۆراوجۆری‌ ماڵیی‌ به‌ره‌و روون و سه‌ره‌ڕای‌ خۆیان ئه‌رك ‌و به‌رپرسایه‌تیی‌ دایك‌ و باوك یان منداڵه‌كانیشیان له‌ ئه‌ستۆ بووه‌، به‌ڵام ئه‌و ثارة و پووڵه‌ی‌ كه‌ وه‌ده‌ستیان ده‌هێنا ته‌نانه‌ت به‌شی‌ تێركردنی‌ زگی‌ خيَزاني بنه‌ماڵه‌كه‌ی‌ نه‌ده‌كرد. یان بنه‌ماڵه‌كانیان به‌ راده‌یه‌ك هه‌ژار ‌و بێ‌ده‌ره‌تان بوون بێ‌ مه‌یل نه‌بوون بۆ وه‌ده‌ست خستنی‌ برێك پاره‌، جگه‌رگۆشه‌كه‌یان بفرۆشن. له‌م نموونانه‌دا ئه‌م كه‌سانه‌ به‌ هۆی‌ ده‌ڵالانی‌ هه‌لپه‌رستی‌ باندی‌ قاچاخی‌ مرۆڤ لێكۆڵینه‌وه‌یان له‌سه‌ر كراوه‌. پاشان ئه‌وانه‌ به‌ خه‌یاڵی‌ خۆیان بۆ كار‌و كاسبی‌‌و داهاتی‌ زیاتر ‌و زۆرتر ره‌وانه‌ی‌ ئیمارات ده‌كران. به‌رپرسێكی‌ ده‌وڵه‌تی‌ رایگه‌یاند كه‌ زۆربه‌ی‌ ئه‌م ژن ‌و كچانه‌ به‌ مه‌به‌ستی‌ په‌رستاری‌ یا پێشخزمه‌تی‌ و كار له‌ رێستووران ‌و چێشتخانه‌كاندا پێیان خۆش بوو وڵات به جێ‌بێڵن. به‌ڵام هه‌ر كه‌ ده‌گه‌یشتنه‌ ئیمارات ده‌سپێردرانه‌وه‌ ده‌ستی‌ بانده‌ هه‌لپه‌رسته‌كان‌ و یان به‌ شێوه‌یه‌كی‌ دیكه‌ به‌م كه‌سانه‌ ده‌فرۆشران ‌و پاسپۆرته‌كانیشیان لـێ‌ وه‌رده‌گرتنه‌وه‌.

پاشان ئه‌م ژنانه‌ ناچار بوون كه‌ له‌ شه‌قامه‌كان خه‌ریكی‌ كار‌و كاسبی‌ بن، ئه‌گه‌ر ملیان به‌م كاره‌ نه‌دایه‌ ده‌كه‌وتنه‌ به‌رتوندوتیژی ‌و ته‌نانه‌ت نه‌یانده‌وێرا سه‌ردانی‌ پۆلیسیش بكه‌ن، چونكه‌ به‌بێ‌ پاسپۆرت، به‌ كه‌سێكی‌ تاوانبار‌و سه‌رپێچی‌كه‌ر ده‌ناسران، كه‌وابوو ده‌بێ‌ مل بۆ هه‌موو كارێك راكێشن‌و رێگای‌ ده‌ربازبوونیش نیه‌. سه‌فه‌ری‌ توركیه‌ بۆ خه‌ڵكی‌ ئه‌رمنستان له‌ رێگای‌ سنووری‌ عه‌رزییه‌وه‌ زۆر ئاسان‌ و كه‌م خه‌رجه ‌و كه‌م هه‌زینه‌یه‌. كه‌وابوو ئه‌م ژنانه‌ له‌ رێگای‌ بانده‌كانی‌ قاچاخی‌ مرۆڤه‌وه‌ هه‌ڵده‌خه‌ڵه‌تێندرین ‌و زۆر به‌ ئاسانی‌ ده‌بردرێن بۆ توركیه ‌و تازه‌ له‌وێ‌ له‌گه‌ڵ‌ تراویلكه‌ی‌ خه‌ونی‌ كار‌ و داهاتی‌ ماڵی‌ به‌ره‌وروو ده‌بن. بۆیه‌ زۆربه‌ی‌ ئه‌م ژنانه‌ ناچارن له‌ ترسی‌ حه‌یا‌و ئابرووی‌ خۆیان هه‌تا كۆتایی‌ ته‌مه‌ن‌ و ژیانیان له‌و وڵاته‌ی‌دا بمێننه‌وه‌. زۆربه‌شیان له‌ ئاكامدا وه‌ك سه‌رۆكی‌ ئه‌م جۆره‌ باندانه‌ درێژه‌ به‌م كاره‌ ده‌ده‌ن. راده‌ی‌ ئه‌و ژنانه‌ی‌ كه‌ له‌ وڵاتی‌ رووسیه ‌و ده‌وروبه‌ره‌وه‌ به‌ قاچاخ بۆ ئیمارات ‌و توركیه‌ هێناویانن ئامارێكی‌ راست ‌و دروست له‌ ده‌ستدا نیه‌، به‌ڵام به‌ رواڵه‌ت واده‌رده‌كه‌وێ‌ كه‌ ئه‌م نه‌ته‌وانه‌ زۆرترین راده‌یان بۆخۆیان ته‌رخان كردوه‌. له‌ ئیمارات ‌و توركیه‌ كچانێك له‌ وڵاتانی‌ ئاسیای‌ جنووب شه‌رقی‌، نیپاڵ‌، سوودان،

نیجریه‌، ئه‌فغانستان، لیبی‌، پاكستان ‌و ته‌نانه‌ت ئورووپا ‌و ئامریكاش به‌رچاو ده‌كه‌ون كه‌ وه‌دوای‌ ئاوات ‌و ئاره‌زوو‌و ئامانجه‌كانیان بۆ ئه‌م شوێنانه‌ راكێشراون ‌و هاتوون ‌و له‌ گێژاوی‌ رووداوه‌كاندا نوقم ده‌بن ‌و هیچ شوێنه‌وارێكیان لـێ‌ به‌جێ‌ نامێنێ‌. له‌ نیپاڵه‌وه‌ راپۆرت گه‌یشتووه‌ كه‌ ئه‌و كچه‌ كه‌م ته‌مه‌نانه‌ی‌ كه‌ له‌ لایه‌ن بنه‌ماڵه‌كانیانه‌وه‌ به‌ قاچاخچییانی‌ مرۆڤ ده‌فرۆشرێن، ده‌بردرێنه‌ وڵاتانی‌ رۆژهه‌ڵاتی‌ نێوه‌ڕاست ‌و هیند‌و زۆر جارانیش ئه‌م وڵاتانه‌ به‌ مه‌به‌ستی‌ ئامریكا ‌و ئورووپا به‌ جێ‌دێڵن، شوێنێك كه‌ تیجاره‌تی‌ سێكس له‌و په‌ڕی‌ خۆی‌دایه‌ و هیچ سنوورێك بۆ بنه‌ماڵه‌ و هیچ بایه‌خێك بۆ ژن وه‌ك بوونه‌وه‌رێكی‌ خودایی‌ دانانێ ‌و وه‌ك كه‌ره‌سته‌یه‌كی‌ به‌رهه‌مهێنه‌ر‌ و كه‌ڵكی‌ خراپ وه‌رگرتن بۆ دامركاندنه‌وه‌ی‌ خواسته‌ حه‌یوانییه‌كانی‌ كه‌ڵك وه‌رده‌گیرێ‌.

له‌نێو كچانی‌ نیپاڵی‌دا ته‌نانه‌ت ده‌توانی‌ به‌ نموونه‌ی‌ زۆر كه‌م ته‌مه‌ن ئیشاره‌ بكه‌ی‌. بۆ نموونه‌ هێندێك له‌وانه‌ له‌ ته‌مه‌نی‌ شه‌ش ‌و حه‌وت ساڵی‌ بۆ وڵاتانی‌ دیكه‌ راده‌گوێزرێن ‌و كه‌ڵكیان لـێ‌وه‌رده‌گرن ‌و هه‌ر ئێستا له‌ ته‌مه‌نی‌ 14 یان 15 ساڵی‌دا له‌به‌ر بێ‌هێزی ‌و لاوازی‌ جه‌سته‌یی‌ له‌گه‌ڵ‌ نه‌خۆشییه‌كانی‌ وه‌ك ئێدز ململانێ‌ ده‌كه‌ن ‌و زۆربه‌یان له‌م ته‌مه‌نانه‌شدا ده‌مرن. زۆرجاران له‌ نێو ئه‌م كچه‌ به‌قاچاخ براوانه‌دا منداڵانێكی‌ كه‌م ته‌مه‌ن ‌و پاكیش ده‌بیندرێن. ئه‌م منداڵانه‌ له‌ ناوچه‌یه‌ك به‌ نهێنی‌ ده‌ژین و رایانده‌گرن، بۆ ئه‌وه‌ی‌ به‌ ته‌مه‌نێكی‌ باش بگه‌ن ‌و پێشكه‌ش به‌ بازاره‌كانی‌ رۆژهه‌ڵاتی‌ نێوه‌ڕاست ‌و هیند بكرێن. له‌م نێوه‌دا سه‌ره‌ڕای‌ هه‌وڵه‌كانی‌ ده‌وڵه‌تی‌ ئێران دژی‌ دیارده‌ی‌ قاچاخ ‌و بردنه‌ده‌ری‌ كچان به‌ شێوه‌ی‌ نایاسایی‌ له‌ وڵات به‌ تایبه‌تی‌ به‌ مه‌به‌ستی‌ ئیمارات، رۆژانه‌ شاهیدی‌ له‌داوكه‌وتنی‌ ژماره‌یه‌ك له‌و ژن ‌و كچانه‌ین كه‌ له‌ دوای‌ ئه‌و قازانج په‌رستانه‌ ده‌كه‌ون. به‌ڵام له‌ هێندێك كاتیشدا كچانی‌ هه‌شت هه‌تا ده‌ ساڵه‌ش بینراون. هێندێك له‌و باندانه‌ش كچان بۆ توركیه ‌و له‌ توركیه‌ به‌ مه‌به‌ستی‌ ئامریكا‌ و ئورووپا راده‌گوێزن. ماوه‌یه‌ك له‌مه‌وپێش له‌ وڵاتی‌ توركیه‌وه‌ هه‌واڵ‌ گه‌یشت كه‌ كچێكی‌ 16 ساڵه‌ به‌ شێوه‌ی‌ نایاسایی‌ بۆ ئه‌و وڵاته‌ هێنراوه‌‌و له‌ لایه‌ن باندی‌ قاچاخی‌ مرۆڤه‌وه‌ به‌ بیست هه‌زاردولار به‌ پیاوێكی‌ ئورووپایی‌ 58 ساڵه‌ دراوه‌.

كچانی‌ ته‌مه‌ن 12 هه‌تا 20 ساڵان بۆ پاكستان به‌ قاچاخ ده‌بردرێن ‌و له‌ پیاوانی‌ پیری‌ پاكستانی‌ ماره‌ ده‌كرێن‌ و له‌ دوای‌ ماوه‌یه‌ك به‌ شوێنه‌كانی‌ به‌ ناو خه‌رابات (khrabat) ده‌سپێردرێن. زۆرێك له‌ بنه‌ماڵه‌ هه‌ژاره‌كانیش كچانی‌ خۆیان به‌ ئه‌فغانییه‌كان ده‌فرۆشن كه‌ چاره‌نووسی‌ ئه‌م كچه‌ داما‌و‌ و چاره‌ره‌ش ‌و بێ‌ده‌ره‌تانانه‌ نادیاره‌. له‌ نێو ئه‌و منداڵانه‌ی‌ كه‌ له‌ شه‌قامی‌ شاره‌كاندا به‌ره‌ڵان زۆربه‌یان كچانن ‌و به‌ داخیشه‌وه‌ ئاكامی‌ 90 له‌سه‌دی‌ ئه‌و كچانه‌ی‌ كه‌ له‌ ماڵ‌ هه‌ڵدێن ئاكامه كه ى‌ له‌شفرۆشییه‌ ‌و ده‌كێشرێنه‌ ئه‌و رێگایه‌. ته‌نانه‌ت هه‌واڵی‌ ئه‌وه‌ش به‌ده‌ست گه‌یشتوه‌ ژنێكی‌ قاچاخچی‌ كه‌ ژماره‌یه‌كی‌ ئێجگار زۆری‌ له‌ كچانی‌ پاكی‌ له‌ داو خستوه‌، كچه‌كه‌ی‌ خۆیشی‌ به‌ بڕی‌ 11 هه‌زار دۆلار فرۆشتوه‌.

به‌ڵام له‌ ته‌واوی‌ دنیا ‌و له‌ نێو ئه‌و ژنانه‌ی‌ كه‌ له‌م تیجاره‌ته‌دا كار ده‌كه‌ن یان به‌ شێوه‌یه‌كی‌ دیكه‌ له‌ زه‌لكاوی‌ كۆیله‌تی‌ پێشكه‌وتوو‌و مۆدێرن كه‌وتوون ‌و نوقم بوون، 89 له‌سه‌دیان ئه‌م بارودۆخه‌ی‌ ژیانیان پێ‌خۆش نیه ‌و بوونه‌ته‌ قوربانیی‌ هه‌لومه‌رجی‌ كۆمه‌ڵایه‌تی‌ و ئابووری‌. زۆرجاران ئه‌م ژنانه‌ له‌گه‌ڵ‌ فشاری‌ ئابووری و ئیعتیادی‌ دایك ‌و باوكیان به‌ره‌وروو بوون‌ و زۆریشیان له‌گه‌ڵ‌ هه‌ڵسوكه‌وتی‌ توند‌وتیژانه‌ی‌ ئه‌ندامانی‌ بنه‌ماڵه‌ یان خاوه‌ن كاره‌كانیان ئازار ده‌كێشن‌ و به‌ مه‌به‌ستی‌ دۆزینه‌وه‌ی‌ كار له‌ داوی‌ ئه‌م كه‌سانه‌ ده‌كه‌ون. له‌و نموونانه‌ی‌ كه‌ كچه‌كان له‌ لایه‌ن بنه‌ماڵه‌كانیانه‌وه‌ ده‌فرۆشرێن، بێ‌ ئه‌م لاوئه‌ولا بنه‌ماڵه‌كانیان له‌ هه‌ژاری‌، قه‌رز ‌و قۆڵه‌، ته‌ڵاق ‌و ئیعتیاد (تووش بوون به‌ مه‌وادی‌ سڕكه‌ر) نوقم بوون. له‌ هێندێك نموونه‌شدا كه‌ ئه‌و كچ ‌و ژنانه‌ی‌ كه‌ به‌ ره‌زامه‌ندیی‌ خۆیان خه‌ریكی‌ ئه‌م كاره‌ن، سه‌ره‌ڕای‌ ئه‌و نموونانه‌ی‌ كه‌ باس كران ژنان به‌ هۆی‌ فشاره‌كانی‌ توندی‌ بنه‌ماڵه‌وه‌ ده‌مارگرژیی‌ وشك ‌و به‌ڕێوه‌بردنی‌ هێزه‌ یه‌ك له‌ دوای‌ یه‌كه‌كان هه‌ڵدێن ‌و به‌ره‌و نه‌مان ‌و له‌نێوچوون ده‌چن. له‌ روانگه‌یه‌كی‌ گشتی‌دا هه‌ژاری ‌و نه‌بوونی‌ ئاگایی‌ و هووشيارى له‌ نێو تایفه‌ و ناوچه‌ لادیێ‌یه‌كان ‌و له‌ ژێر فشار ‌و زه‌ختدا بوونی‌ ژنان، ئه‌م توێژه‌ زیان پێگه‌یشتووه‌ی‌ كردۆته‌ نێچیرێكی‌ باش ‌و گونجاو بۆ هه‌لپه‌رست ‌و قازانج ویسته‌كان كه‌ ئه‌مه‌ش بۆخۆی‌ سه‌ره‌تای‌ چوون بۆ نێو بازرگانی‌ سێكسه‌. له‌ هه‌موو دنیا ‌و به‌تایبه‌تی‌ له‌ ئاسیا ژن وه‌ك كه‌سی‌ دووه‌م و ژێرده‌سته‌ی‌ پیاو بۆته‌ كه‌ره‌سته‌یه‌ك بۆ رابواردن ‌و كه‌ڵك وه‌رگرتنی‌ جنسی ‌و جه‌سته‌یی‌. كه‌وابوو پیاو ئه‌و ئیزنه‌ به‌خۆی‌ ده‌دا كه‌ ئه‌م بوونه‌وه‌ره‌ بێ‌ ئه‌رزش ‌و بێ‌بایه‌خه‌ بكڕێ‌‌و بفرۆشرێ‌. قاچاخی‌ ژنان نه‌ته‌نیا سه‌رچاوه‌ی‌ داهاتی‌ بانده‌كانی‌ قاچاخه‌، به‌ڵكوو بۆته‌ هۆی‌ چوونه‌سه‌ری‌ داهاتی‌ هوتێلداره‌كان، شیركه‌ته‌كانی‌ گواستنه‌وه‌‌و به‌ شێوه‌یه‌كیش په‌ره‌پێدانی‌ سه‌نعه‌تی‌ تووریسم. هه‌ر به‌و شێوه‌یه‌ی‌ كه‌ له‌ ناوچه‌ی‌ رۆژهه‌ڵاتی‌ ناوه‌ڕاست (دوو وڵاتی‌ توركیه‌‌و ئیمارات) وه‌ك شوێنی‌ رابواردنی‌ لێهاتووه‌‌و هه‌موو رۆژێك له‌ سه‌رتاسه‌ری‌ جیهاندا تووریسته‌كان روو له‌م وڵاتانه‌ ده‌كه‌ن. به‌ڵام ئایا چاره‌نووسی‌ ئه‌م توێژه‌ زیان پێگه‌یشتووه‌ به‌لای‌ كه‌سه‌وه‌ گرینگه‌؟ زۆربه‌ی‌ ئه‌م كه‌سانه‌ له‌ ساڵه‌كانی‌ سه‌ره‌تای‌ كاریان دا به‌ هۆی‌ تووشبوون به‌ نه‌خۆشییه‌ جینسییه‌كان‌ و به‌ تایبه‌تی‌ ئیدز گیانیان له‌ده‌ست ده‌ده‌ن. ئه‌و كه‌سانه‌ش كه‌ له‌م مه‌ترسییانه‌ رزگاریان ده‌بێ‌ له‌ دوای‌ ماوه‌یه‌ك ناتوانن درێژه‌ به‌ كاره‌كانیان بده‌ن ‌و بۆ بژیوی‌ خۆیان ناچار ده‌بن مه‌وادی‌ سه‌ڕكه‌ر (مخدر) بۆ ئه‌م لاوئه‌ولا بگوێزنه‌وه‌ تا ئه‌و كاته‌ی‌ كه‌ له‌ بێ‌ ده‌ره‌تانیی ‌و هه‌ژاریی ‌و بێ‌ ناونیشانیی‌دا گیانیان له ‌ده‌ست ده‌ده‌ن. رێكخراوی‌ نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان بۆ پێشگیرى‌ له‌م كاره‌ نامرۆڤانه‌یه ‌و بۆ وه‌رگرتن‌ و وه‌ده‌ستهێنانی‌ مافی‌ ئه‌م ژن ‌و كچانه‌ هه‌وڵی‌ زۆری‌ داوه‌. به‌ پرۆپاگه‌نده ‌و زانیاری‌ گه‌یاندنی‌ زیاتر له‌ پێشوو رێكخراوی‌ نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان، هه‌موو وڵاتانی‌ دنیا ئه‌م كرده‌وه‌یان به‌ ناپه‌سند ‌و ناشیرین له‌ قه‌ڵه‌مداوه‌‌و هه‌وڵدان بۆ به‌ڕێوه‌بردنی‌ ئه‌م كاره‌یان به‌ تاوان ناساندوه‌‌و سه‌رپێچی‌ كه‌رانیش سزا ده‌ده‌ن.

هه‌روه‌ها پرۆگرامه‌كانی‌ دیكه‌ی‌ ئه‌م رێكخراوه‌یه‌ پێوه‌ندی‌ چڕ‌وپڕی‌ باڵوێزخانه‌كان له‌گه‌ڵ‌ وڵاتانی‌ دڵخوازه‌ بۆ پێشگیری‌‌و خه‌بات له‌ پێوه‌ندی‌ له‌گه‌ڵ‌ قاچاخی‌ ژنان‌ و كچان. بۆیه‌ گرینگترین به‌ش پرۆژه‌ی‌ راگه‌یاندن ‌و زانیاری‌ گه‌یاندنه‌. سه‌ره‌تا ده‌بێ‌ ئه‌وه‌ به‌ ژنان‌ و كچان بگوترێ‌ كه‌ هه‌ڵاتن ده‌ستپێكی‌ ئازادی‌ نیه‌، به‌ڵكوو سه‌ره‌تا‌ و ده‌ستپێكی‌ دیلییه‌تی ‌و به‌ندییه‌تییه‌كی‌ هه‌تاهه‌تایی ‌و رێگایه‌كی‌ بێ‌گه‌ڕانه‌وه‌یه‌. له‌لایه‌كی‌ دیكه‌وه‌ پێك هێنانی‌ مێزگرد، كۆنفرانس ‌و باس ‌و راوێژ به‌ به‌شداریی‌ ده‌روونناسان، مافناسان ‌و دابینكردنی‌ شوێن‌ و جێگای‌ گونجاو بۆ پشتیوانیی‌ له‌ كچانی‌ هه‌ڵاتوو‌و ئه‌و ژنانه‌ی‌ كه‌ هه‌ڵفریواون ‌و دانانی‌ ته‌له‌فون بۆ كاتی‌ به‌ په‌له ‌و پێویست بۆ خه‌بات دژی‌ قاچاخی‌ ژنان، هه‌روه‌ها بردنه‌سه‌ری‌ ئاگایی ‌و هوشیاری‌ گشتیی‌ له‌ رێگای‌ راگه‌یه‌نه‌كان ‌و بارهێنانی‌ زیاتری‌ منداڵان له‌ ته‌مه‌نی‌ قوتابخانه‌ له‌ به‌رنامه‌كانی‌ دیكه‌ی‌ رێكخراوی‌ نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كانه‌ بۆ خه‌بات دژی‌ قاچاخی‌ ژنان ‌و كچان له‌ سه‌رتاسه‌ری‌ جيهاندا.


شنؤ ميَهرثةروةر .

وتاری سیاسی

  • 
    بەیاننامەی پارتی سەربەستیی کوردستان لە پێوەندی بە ڕزگارکردنەوەی شنگاڵ، و ڕووداوەکانی دوزخورماتووی باشوری کوردستان

      ڕزگاری شنگاڵ. خەڵکی هەردەم خۆراگرو تێکۆشەری کوردستان. ڕێکەوتی ١٣ / ١١ / ٢٠١٥ مزگێنی ڕزگارکردنەوەی شنگاڵ لە لایەن سەرۆکی هەرێمی کوردستانەوە لە پرێس کۆنفرانسێکدا ڕاگەیاندرا. کە بە بەشداری دەیانهەزار لە پێشمەرگەکانی کوردستان و بە سەر پەرەستی بەڕێز مەسعود بارزانی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان و سەرۆکی هەرێمی کوردستان، و هەروەها بە بەشداری فرۆکەکانی هاویەیمانی شەری دژی داعش، و هێزەکانی پێکاکا و یەپەگە بەشداریان تێیدا هەبووە. هەواڵی ڕزگاربوونی شنگاڵ هەموو کوردێکی خەمخۆری نیشتیمانی لە هەر قوژبنێکی جیهانداخۆشحاڵکرد. بەو بۆنەوە وەک پارتی سەربەستیی کوردستان پیرۆزبایی بە دەستهێنانەوەی ئەو شارە ...

مافی مرۆڤ

    
  • هیچ کەس ولایەنێک ناتوانێ تاوانبارانی جینۆساید بەرەڵا بکات

    لەمێژە هەوڵەکان بۆ بەرەڵاکردنی تاوانباری ئەنفال سوڵتان هاشم  لە ئارادایە ،بەلام بەهۆی فشارەکانی  کەسو کاری قوربانیان جینۆساید و چین و توێژەکانی تری عیراقەوە  سەرکەوتوو نەبوە. وا جارێکی تر دەنگۆی بەرەڵا کردنەکەی  دەبیستین لە میدیاکانی راگەیاندنەوە گوایە ئەمجارە  جەند کەس و لایەنێک  لەهەوڵدان بۆ بەردانی ئەم تاوانبارە ئەویش بەپێی ڕیکەوتن و مامەڵەیەکی سایسیە  بۆ ئازاد کردنی شاری موسڵ . ئەم کارە نارەوایە  هەرچۆنێک بێت دژ بە هەموو پرەنسیپەکانی مافی مرۆڤ و پێشێلکاریەکی زەقی یاسا و دادوەریە،لەگەڵ ئەوەشدا &n ...

بابه‌تی هونه‌ری

    
  • له‌ قه‌سابخانه‌وه‌ بۆ باره‌گا, هه‌ژێن

    له قه سابخانه وه بۆ باره گاهه ژێن03.04.2009تۆ هاتی و دڵم کرده سفره بۆتتۆ ناوه خت هاتی و سفره م خاڵی بووله به رده مت راکشام و وتم “ها سه رم ببڕه ”تۆ ناوه خت هاتی و ئه لبومێکی ته مه ندرێژم بۆت کرده وه نه مزانی ناوه خت ده ڕۆی و وێنه کانت گشت ڕه شده که یته وه تۆ ناوه خت له په نجه ره وه هاتی,به ڵام کچه دراوسێکه مان له ده رگه وه ماچی بۆ هه ڵدامبیست و هه شت ساڵ له مه وبه ربه ر له کۆچی ناخواسته ی خۆیساڵێ به ر له پێشمه رگکه وتنملێی پرسیم “تۆ چیت”که چی تۆ دوو ڕۆژ له مه وبه ربۆت نووسیم “تۆ سه گیت”پێم سه یر بوو، تازه زانیوه ته من به ڕه ڵام وه ك سه گئه و به ...