هەڤاڵ ئەبوبەکر: ئەگەر خەڵک پابەند نەبن، سلێمانی وەک ئیتاڵیای لێدێت
د. هەڤاڵ ئەبوبەکر، پارێزگاری سلێمانی دەڵێت، ئەگەر خەڵک وەکوو ئێستا بێباک بێت و پابەندی رێنماییەکان نەبێت، لە سلێمانی کارەسات روودەدات، وەکو ئیتاڵیای لێدێت و دەگەنە قۆناخێک نەتوانن لە نەخۆشخانەکان نەخۆش وەربگرن.
هەرێمی کوردستان کەوتووەتە دۆخێکەوە کە رۆژانە دەیان تووشبووی نوێی ڤایرۆسی کۆرۆنا رادەگەیێنرێن و ژمارەی مردووانیش بە ڤایرۆسەکە لە هەڵکشاندایە. لە ماوەی 23 رۆژی رابردوودا 387 تووشبوو لە سلێمانی تۆمارکراون و 9یان گیانیان لەدەستداوە، واتە 4%ی تووشبووان.
د. هەڤاڵ ئەبووبەکر، پارێزگاری سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، “تا دێت تووشبووەکانمان ژمارەیان زیاد دەکات و ئەگەر ئامارەکە بەو شێوەیە بەردوام بێت و هاونیشتمانییانیش لەم بێباکییە بەردەوام بن، تەواو رۆدەچینە ناو کارەساتەوە و وەکو ئیتاڵیامان لێدێت، هەروەها ناتوانین لە نەخۆشخانەکاندا نەخۆش وەربگرین”.
ژمارەی تووشبووانی ڤایرۆسی کۆرۆنا خەریکە نزیک دەبێتەوە لە ژمارەی قەرەوێڵەکان، بۆیە نەخۆشخانەیەکی دیکە و دوو گوندی گەشتیاریش کراونەتە نەخۆشخانەی ڤایرۆسی کۆرنا. ئێستا ئەو نەخۆشخانانە 450 قەرەوێڵەیان تێدایە و ژمارەی تووشبووانیش نزیکەی 400 کەسە.